بابەكر زێباری: کەسانێک بۆ مەرامی خۆیان باس لەوە دەکەن گرفت لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە
  2023-08-07       825       

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، جەخت دەكاتەوە كە لە وەزارەتی پێشمەرگە "هیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە"و دەڵێت، "کەسانێک بۆ مەرامی خۆیان باس لەوە دەکەن گرفت لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە." دەشڵێت: هاوكاری و پشتگیری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەو پرۆسەی چاكسازیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن.

ئاوێنە: بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"هاوپەیمانان بەردەوامن لە پشتگیری و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەو بەردەوامیش دەبن، هەندێک دەیانەوێت گرژی دروست بکەن و ئەو باسانە دەوروژێنن، ئەگەر نا هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییەو هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوێنێش کۆبونەوەی هاوبەشیان ئەنجامداوەو ڕێککەوتنی ستراتیژی و هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگەو هاوپەیمانان هەیە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"جگە لەوە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامەو بەپێی خشتەی دیاریکراویش بەڕێوەدەچێت و هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نییە، بەڵام کەسانێک بۆ مەرامی خۆیان باس لەوە دەکەن گرفت لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، ئەوەی هەیە وەزیر دەوام ناکات، کاردەکرێت بۆ ئەوەی وەزیریش بێتەوە دەوام یاخود کەسێک بەوەکالەت ئەو پۆستە بەڕێوەببات، بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر هەبێت وکاری باشتریش بکرێت."

بابەكر زێباری وتوشیەتی"سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشی لەسەر خەتە وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، چاودێری پرۆسەی چاکسازیش دەکات و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×