لە كۆبونەوەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر كراوەتەوە بەپێی دەستورو هەروەها جەختیش گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ و یەكخستنی تێڕوانینەكان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان كراوەتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی هادی عامری، ئەمڕۆ دوشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی و بە میوانداری وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە نوسینگەی هادی عامری، كۆبوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا، دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و دۆخی وڵات و هەروەها دۆسەی هەڵبژاردن و كاری حكومەت و جێبەجێكردنی بەرنامەكانی، تاوتوێ كراون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم كراوەو جەخت لە گرنگی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بەپێی دەستورو بەرژەوەندیی نیشتمانی كراوەتەوەو هەروەها جەختیش لەگرتنەبەری زمانی گفتوگۆ و یەكخستنی تێڕوانینەكان كراوەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و چەسپاندنی كۆڵەكانی سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی.