لاهور شێخ جەنگی، رایگەیاند، وەڵامی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریكردنی كورد بە یەك لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، "ئەرێنی نەبوە"و دەشڵێت، لە ژێر ناوی یەکلیستی کوردستانی نەبێت بەهیچ شێوەیەکیترو بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و یاری بە چارەنوسی خەڵک و خاکی كەركوك و ئەو ناوچانەوە ناكەین. داواش لە هاوڵاتیان دەكات لەپێناوی چارەنوسی کەرکوک و سەلماندنی خاوەندارییەتی ئەو خاکە پیرۆزە، بەشداری کارایان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەوڵماندا کە کورد بە یەک لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکات، هەر بۆیە بە بێ هیچ بەرژەوەندیی و دەستکەوتێکی سیاسی و کەسی وتایبەتی، لە پێناو پێکهاتەی ڕەسەنی شارەکەو نەفەوتان و پەرتەوازەنەکردنی دەنگی کوردو راستکردنەوەی باڵانس و پارێزگاریکردنی کورد لە ژمارەی کورسییەکانی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکەم دەستپێشخەرییمان بێ جیاوازی بۆ لایەنە کوردستانیەکان راگەیاندو پرۆژەی (هاوپەیمانی گەل)مان پێشکەشکردن بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش."
وتوشیەتی"بەداخەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان وەڵامەکەیان ئەرێنی نەبو، ئامادەنەبون بە یەک لیستی هاوبەش لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربن."
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشداوە"بەداخەوە بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان بەتایبەت هەردو پارتی دەسەڵاتدار کە دیارە دەرسیان وەرنەگرتوە لە هەڵەکانی رابردو، دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بە نەهامەتییەکان و جارێکیتر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەنەوە قوربانی کێشەو ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندییە حزییەکانیان. دەرکەوت هەمو ئەو دروشمانەی کە بەناوی کورد و نیشتیمانپەوروەرییەوە بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە لە دروشمی درۆینە زیاتر نەبوە چونکە ئامادەنەبون بۆ یەکجاریش دەستبەرداری حزبایەتی بن و لە پێناوی میللەتەکەمان یەکڕیزی هەڵبژێرن."
جەختیشی كردۆتەوە"ئێمە لە سۆنگەی باوەڕبونمان بە پیرۆزی خاکی کوردستان و بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، لەگەڵ ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەرمانە بۆ بەشداریکردن و لیستی جیاواز لەم هەڵبژاردنەدا، رایدەگەیەنین کە هەرگیز ئامادەنین لە پێناو بەدەستهێنانی چەند کورسییەک زیان بە دەنگی کورد لەو ناوچانە بگەیەنین."
وتوشیەتی"لە ژێر ناوی یەک لیستی کوردستانی نەبێت بە هیچ شێوەیەکیترو بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و یاری بە چارەنوسی خەڵک و خاکەکەیەوە ناکەین، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەکەین."
هەروەها داواشی لە هاوڵاتیانی ناوچەكە كردوە "لەپێناوی چارەنوسی کەرکوک و سەلماندنی خاوەندارییەتی ئەو خاکە پیرۆزە کە بەشداری کارایان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا تا یەک دەنگی کورد لەو ناوچانە بەفیرۆ نەچێت، دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە بە شایستەو راستگۆیان دەزانن بۆ خزمەتکردنی ناوچەکانی خۆیان جا لەهەر لیست و لایەنێکبن."
ئاماژەی بەوەشداوە"لەداهاتو هەر ئەنجامێکی نەخوازراو روبدات ئەوا ئەو لایەنانە لێی بەرپرسیارن کە خەمی چارەنوسی کەرکوک و خەڵک و خاکی ئەو ناوچانەیان نییە و سڵ لە وێرانبونی ناکەنەوە و بە فرەلیستی بەشداری لەم پرۆسە گرنگ و هەستیارەدا دەکەن."