لاهور شێخ جەنگی بە لیستێك بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات
  2023-08-07       1807       

بەپێی زانیارییەكان لاهور شێخ جەنگی بە لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و بۆ ئەو مەبەستە لەماوەی رابردودا زنجیرەیەك راپرسی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو لە هەڵبژاردنەكەشدا زیاتر چاوی لەسەر دەنگدەرانی یەكێتی و خەڵكی ناڕەزیی لە دەسەڵاتی كوردی دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاوێنە كەوتون، لاهور شێخ جەنگی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و ماوەیەكە بۆ ئەو مەبەستە بەنهێنی لەسەر هەمو ئاستێك دەستیكردوە بە كاركردن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و كەسانی كاریگەری نێو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان گفتوگۆیان كردوە لەسەر پێكهێنانی لیستێكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە زیاتر چاوی لەسەر دەنگدەری یەكێتی و دەنگی ناڕازی شەقامی كوردستان لەحوكمڕانی دەبێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، لەماوەی شەش مانگی رابردودا ناوبراو زنجیرەیەك سەردانی دەرەوەی كردوە، بەڵام دیار نییە سەردانەكانی بۆ چی بون، هەروەك لەو ماوەیەدا لەچەند كەناڵێكی جیاوازو لەڕێی چەند تیمێكی تایبەتەوە زنجیرەیەك راپرسی لەشارەكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك كردوەو ئەنجامی راپرسیەكان ئاشكرانەكراون، بەڵام پێدەچێت لایەنی بیانی بەشداربوبن لەو راپرسیانەو بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان پێدەچێت "دڵنیایی و پشتیوانیی بۆ ئەو بزوتنەوەیە مسۆگەر كردبێت كە بەنیازی دامەزراندنیەتی."

هەروەها زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە لاهور شێخ جەنگی بەنیازە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەكەسانی دیارو ناسراوی كوردستان گفتوگۆ بكات تاوەكو بەشداربن لەو بزوتنەوە نوێیە سیاسیەو رۆڵیان پێدەدرێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی "ئەو و هەڤاڵەكانی دەیانەوێ‌ دەنگدەری یەكێتیی پەرتەوازە نەبێت بەهۆی خراپی ئیدارەدانی یەكێتی و هەروەها ئەو بزوتنە نوێنەرایەتی ئەو زۆرینە رەهایەی دەنگی ناڕازیی خەڵكی كوردستان بكات كە بەهۆی خۆسەپاندنی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتو كوردستانیان بەم چارەنوسە گەیاندوە".

سەرچاوە نزیكەكە لە لاهوری شێخ جەنگی پێی وایە "بارودۆخی كوردستان زۆر خراپەو پێدەچێت هاوكێشەی سیاسی لەكوردستان گۆڕانی نوێ‌ بەخۆیەوە ببینێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×