ژمارەیەک پەرلەمانتار و چاودێری سیاسیی عێراق، ئاماژە بەوە دەدەن کە بە هۆی رستێک گرفت و پێشهاتەوە دواکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؛ ئەگەرێکی بەهێزە.
ئاوێنە: بەپێی بۆچوونی ئەو پەرلەمانتار و چاودێرانە؛ هۆکارەکانی دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە ئەگەر ڕوو بدات بریتیی دەبن لە پێدانی کات بەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ بەشدارییپێکردنی ڕەوتی سەدر، لەپاڵ هۆکارێکی تەکنیکیی کە بریتییە لە کۆتاییهاتنی ویلایەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوکات بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.
جەواد یەساری، پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ـی نیمچە فەرمیی راگەیاندووە، کە ئەوان دواکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان (کە بڕیارە لە 18ی کانوونی دووەمیی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت)؛ بە ئەگەرێکی بەهێز دەزانن، هۆکارەکەش کۆتاییهاتنی ویلایەتی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە هاوکات بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
پێچەوانەی ئەو هۆکارەی (یەساری) بۆ دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە ئاماژەی پێ دەدا، شارەزایەکی پرسی هەڵبژاردن بە هەمان رۆژنامەی وتوو کە ناکۆکییە سیاسییەکان هۆکاری ئەو دواخستنە دەبن ئەگەر روو بدات. د. وەلید یەزیدی، شارەزای پرسی هەڵبژاردن، بە (الصباح)ـی وتووە: "ئەگەر هەڵبژاردنەکە دوا بکەوێت هۆکارەکەی سیاسییە، چونکە ئێستا هەوڵگەلێک هەن بۆ ئەوەی ڕەوتی سەدر ڕازیی بکەن بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە بکات، هەروەها بە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکەوە هێزە سیاسییەکان دەتوانن یاسای هەڵبژاردنیش بگۆڕن".
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 18ي كانووني دووةمي 2024ي وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژارنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریی کرد، ئەویش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەو هڵبژاردنە لە عێراق نەکرا، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 15 پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و پێشبینیی دەکرێت 270 حزب و لیستی جیاواز لەو هەڵبژاردنەدا کێبەرکێی یەکدیی بکەن.