وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فۆڕمی دابەشكردنی نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونی راگەیاند و بەپێی پرۆژەكەش، بەبێ پێشەكی و بەقیستی 25 ساڵ ئەو یەكانە دەدرێنە هاوڵاتیان.
ئاوێنە: دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەمڕۆ سێشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە كەمدەرامەتان.
وتیشی، "لە ئەمڕۆوە ئەو هاوڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەكانە دەتوانن فۆڕمەكانیان پڕبكەنەوە و زانیارییەكان بخەنەڕو، كە بەشێوەیەكی زانستی و بەهاوكاری كۆمەڵەی كرێنشینان فۆڕمەكان ئامادەكراوە، ماوەی سێ مانگیشیان لەبەردەستدایە كە فۆڕمەكانیان پێشكەش بكەن كە دواتر لینكەكە بڵاودەكرێتەوە".
ئەوەشیخستەڕو، "دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لیژنەی تایبەت لە سنوری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆكان پێكدەهێنرێت بۆ دیاریكردن و هەڵسەنگاندنی خاڵەكان، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیش ئەوەیە ئەو كەسەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون پڕدەكاتەوە دەبێت تەمەنی لە سەروی 18 ساڵ و خێزاندار بێت".
باسی لەوەشكردوە، "بڕیاریانداوە هیچ بارگرانیەك بۆ كەس دروست نەبێت و هیچ بەڵگەیەك داوا نەكرێت، بەڵام هەر كەسێك بەپێی ئەو مەرجانەی داواكراوە توانی خاڵی پێویست بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەن یەكەیەك لەو یەكە نیشتەجێبوانەی دیاریكراون ئەوا مەرجە هەمو زانیارییەكان بسەلمێنێت كە لەم فۆڕمی داواكارییەدا تۆماری كردوە".
لهم لینكهوه فۆڕمى وهرگرتنى یهكهكان پڕ بكهرهوه