پارێزگای هەولێر: 500 هەزار زیارەتكاری ئێرانی لە حاجی ئۆمەرانەوە دەچنە باشوری عێراق
  2023-08-08       272       

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە 500 هەزار زیارەتکارى ئێرانی لە دەروازەى حاجى ئۆمەرانەوە بەنێو خاکى هەرێمى کوردستاند سەردانی شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بكەن. پارێزگاریش سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ سەلامەتی هاتن و چونیان فەرهەم بکرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبونى د.هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم، لەدیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکى فراوان لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و مانەوەیان لە ھەولێر ئەنجامدرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا، دواى ئەوەى بەوردى باس لە هەمو پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی ھاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق  کرا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەم مانگە (500 هەزار) زیارەتکارى ئێران لە دەروازەى سنورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوە بەنێو خاکى هەرێمى کوردستان دەست بەگەشتەکەیان بکەن بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق، پارێزگارى هەولێر، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ وێستگەکانى پێشوازیکردن و مانەوەیان لە هەولێرى پایتەخت لە خاڵى سنورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە تاکو دواخاڵى سنورى پارێزگاکەمان کە بازگەى شێراوەیە لە ئامادەباشى تەواودابن و  خزمەتگوزارییە پێویستیەکان و سەلامەتى هاتن و چونیان فەرهەم بکرێت و ئاسانکاریان پێشکەش بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×