رێگرییەکانی بەردەم چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم گەیەندرانە کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ
  2023-08-08       389       

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD)، رایگەیاند، بەڕێوەبەری رێكخراوەكەیان لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدێكی باڵای كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان، رێگرییەکانی بەردەم چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤی لە هەرێم گەیاندۆتە کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ.

ئاوێنە: سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD)، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، كارزان فازڵ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەكەیان، بەشداری کۆبونەوەیەکی تایبەتی کردوە لەگەڵ وەفدێكی باڵای کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ OHCHR  بەسەرۆکایەتی ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵا و تیمی یونامی لەھەرێمی کوردستان.

کۆبونەوەکە بۆ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی  ڕێکخرابو لەھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگرییەکانی بەردەم چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ .بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری DHRD باسی ئەو پێشھات و ڕێگریانەی کردوە کە ھاتونەتە بەردەم جێبەجێکردن و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ بەپێی ڕێکەوتننامە تایبەتەکانی مافی مرۆڤ و تۆمەتباران و بەرەنگاربونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لە ھەرێمی کوردستان.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا بەرێوەبەری ڕێکخراوەكەیان تیشکی خستۆتەسەر ھۆکارەکانی سەربەخۆنەبونی دەسەڵاتی دادوەری و ئەو پاشەکشێیەی لەو بوارەدا  تۆمارکراوە لەگەڵ سەروەرنەبونی یاسا و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگا، ھەروەھا باسی ئەو ڕێگریانەکرا کە دێنە بەردەم کاری ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ.

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشداوە كە بڕیار وایە لەسەر هەمان پرس، کۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ، زنجیرە کۆبونەوەیەک ئەنجامبدات لەگەڵ لایەنە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×