وتەبێژی وەزارەتی دارایی: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەم رەخسیوە
  2023-08-08       830       

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم دەڵێت، لە دوای دەرچونی رێنماییەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجە، پێویستە عێراق لە 18 تا 25ی ئەم مانگە، موچەو شایستە داراییەكانی دیكەی هەرێم بنێرێت. دەشڵێت: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەم رەخسیوە.

ئاوێنە: ھونەر  جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، بە میدیای رەسمی یەكێتی رایگەیاند، لەئێستادا لیژنەیەکی چاودێری دارایی عێراق لە ھەرێمەو وردبینی لە سەرجەم خەرجی و داھاتەکانی کوردستان دەکات.

وتیشی، دوای بڵاوبونەوەی رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، پێویستە لە 18 تا 25ـی ئەم مانگە، موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی دیکەی ھەرێم رەوانە بکرێن.

پەیوەست بە داھاتی ناوخۆش، وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، بۆچونی جیاوازیان ھەیە لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە داھاتە فیدراڵییەکان هەیەو تیمە ھونەرییەکانی ھەردولا لەو بارەیەوە لە گفتوگۆدان.

وتیشی، بەپێی یاسا داھاتەکانی باج و رسومات داھاتی پارێزگاکانەو خاڵە سنورییەکان بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی لەسەدا 50ی دەبێت بگەڕێتەوە، بەڵام بەحوکمی دابڕانی 10 ساڵەی نێوان ھەرێم و بەغدا گفتوگۆکان کاتی دەوێت بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجام لەو بارەیەوە.

هەروەها جەختیشی كردەوە كە لە رێگەی ئەو ژمارەیەی لە بودجە جێگیركراوە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەو بابەتە چارەسەر بوەو وتیشی"دەتوانین بڵێین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەم رەخسیوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×