نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەنجێکی خەڵکی چەمچەماڵ لە شاری هەولێر کوژرا. دراوسێیەكی ماڵی تۆمەتبارەکە دەڵێت، بکوژی گەنجەکە خەزوری خۆیەتی و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بوە.
ئاوێنە: ئەو گەنجەی كوژراوە دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ و ناوی "دیاکۆ ئاکۆ" بوە، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە میدیای پارتی وتوە"هۆکاری کوشتنی ئەو گەنجە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوەو دوای روداوەکە، بکوژ خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردوە."
دراوسێەكی ماڵی تۆمەتباری کوشتنی ئەو گەنجە کە شایەتحاڵی روداوەکەیە وتویەتی"ئەو گەنجە زاوای دراوسێیەکی ئێمەیە لە گەڕەکی ئازادی لە بنەسڵاوە؛ لەگەڵ خێزانی خۆی کێشەی هەبو، دوێنێ هاتە ماڵی خەزوری و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبو؛ ئەمڕۆ جارێکی دیکە گەنجەکە هاتەوەو لەگەڵ خەزوریدا بو بە شەڕیان و لە ئەنجامدا خەزوری زاواکەی خۆی کوشت".
ئەو شایەتحاڵە وتیشی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ زاواکە کوژراوە، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە کەسوکاری کوژراوەکە چونەتە سەر ماڵی بکوژ و ماڵەکەیان سوتاندوە. وتیشی، "کاتێک کەسوکاری گەنجەکە هاتن، ماڵی تۆمەتبار، ماڵەکەیان چۆڵکردبو".