وەزیری دارایی هەرێم بۆ دیوانی چاودێری دارایی عێراق: دەرگاكانمان كراوەن بۆ وردبینی لە داتاكان
  2023-08-08       345       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم، پێشوازی لە وەفدێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند، بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانمان کراوەیە بۆ وردبینی لە داتاو زانیارییەکان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە وەفدێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکهاتبون لە د.حەیدەر یوسف، بەڕێوەبەری گشتی و عەلی خزەیر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق و فەریق سلێمان هەرنی، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و وەفدێکی یاوەریان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی هەرێم "خۆشحاڵی خۆی بەو پەیوەندی و هەماهەنگییە دەربڕی کە ماوەی دو ساڵە لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە"و ڕایگەیاند "دەرگای وەزارەت و دامو دەزگاکانمان کراوەیە بەڕوی تیمەکانی چاودێری دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچونی هەر داتاو زانیارییەک لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن تیمەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کراون."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لای خۆشیانەوە وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سوپاسی وەزیری داراییان کرد کە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕاسپاردوە هاوکارو هەماهەنگی تیمەکان بن بۆ وردبینی لە داتاو زانیارییەکان." ڕاشیانگەیاند "بەچەند تیمێکی جیاواز سەرقاڵی کۆبونەوەو سەردانی مەیدانین لە دامودەزگاکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی تری حکومەتی هەرێم لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتەکانی خۆیان ئامادە دەکەن و ئاڕاستەی سەرو خۆیانی دەکەن."

ماوەی چەند ڕۆژێکە تیمێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گومرگ و باج و بودجەو چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم ئەنجامداوەو بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوشدا سەردانی چەندین بەڕێوبەرایەتی تری سەربە وەزارەتی دارایی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×