سودانی و وەفدی پارتی جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆكان بۆ چارەسەری كێشەكان دەكەنەوە
  2023-08-08       454       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەفدی پارتی لە بەغدا كۆبۆنەوە. بەگوێرەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە پشتیوانیكردنی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و بەردەوامی گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگەی دەستورەوە، كراوەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی كردوە لەو وەفدەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دو رۆژە لە بەغدایە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی گشتی وڵات كراو جەخت لە گرنگی پشتیوانیكردنی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەو سیاسەتە گشتییەكانی كرایەوە كە ئەولەویەتی بوژانەوەی ئابوریی و خزمەتگوزاریی لە وڵات لە خۆدەگرێت، هەروەها جەختیش لە بەردەوامی گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگەی پشتبەستن بە دەستور كراوەتەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، باس لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان و پێویستی رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانەو بێگەرد كراوەتەوە بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی بەهێزكردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی كوردستان و هێنانەدی خواستەكانی خەڵكی هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×