نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، یەكێك لەو خاڵانەی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان كردوە، ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بوە. وتیشی، تا ئەو كاتەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێتەوە، بە هەر شێوەیەك بێت، دەبێت خەرجییەكانی هەرێم دابین بكرێن.
ئاوێنە: نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمشەو سێشەممە، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"لە كەشێكی گرنگدا لەگەڵ وەفدی پارتی گفتوگۆمان كرد لەبارەی چەند بابەتێك."
وتیشی"برایانی پارتی لەبارەی ئەوەی لە ئیدارەی دەوڵەت لەسەری رێككەوتوین گلەییان هەیە كە ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە جێبەجێ نەكراوە. ئێمە گوێمان لەو گلەییانە گرت و رێزیشیان لێدەگرین، بەڵێنمان دا كاربكەین لەسەر چارەسەركردنیان بە هاوكاری لەگەڵ برایانمان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و لە حكومەت. داواشمان لە برایانمان لە پارتی كرد، بەشداربن لەگەڵمان لە دۆزینەوەی چارەسەر، بۆ ئەوەی كێشەكان درێژە نەكێشن و نەبنە قەیران."
نوری مالیكی رەتیكردەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگی هۆكاری جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت و وتی، هەمو ئەو هێزە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حزبە سەرەكییەكانی هەرێم هەیە. بەپێچەوانەوە من پێموایە، چوارچێوەی هەماهەنگی گەرەنتییە بۆ پەیوەندیی ئەرێنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ.
وتیشی"ئێمە داوامان لە برایانمان لە پارتی كردوە كە لیستی ئەو شتانەمان بدەنێ كە جێبەجێ نەكراون و بونەتە كێشە لەنێوان هەردو حكومەت ناڵێم بونەتە قەیران. ئەمانە داواكارین و لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا دەخرێنەڕو و مافەكانی هاوڵاتیانی كوردی تێدایەو دەبێت چارەسەر بكرێن، چونكە ئێمە نامانەوێت هیچ بەشێك لە بەشەكانی گەلی عێراق زیانمەند بن."
نوری مالیكی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"لە كۆبونەوەكەدا باسمان لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كردوە. ئەو رێككەوتنە نەوتییەی كراوە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردە ناكرێتەوە بەهۆی هەڵوێستی توركیاوە، لە ئەنجامدا دەبێت بە هەر شێوەیەك بێت خەرجییەكانی هەرێم دابین بكرێن تا ئەو كاتەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، ئیدی ئەمە بە پاكتاوكردن بێت یان بە پێدانی پێشینە بێت بە هەرێم."