كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، کۆی دەنگ سندوقی چاودێری و شیاندنی کەمئەندامان و خاوەن پیێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکان پەسەند کرا.
ئاوێنه: كوێستان محەمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "پیرۆزە لەسەرجەم کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی و کورتەباڵاکان ئەمڕۆ بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سندوقی چاودێری و شیاندنی کەمئەندامان و خاوەن پیێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکان پەسەند کرا".
بڕیاریشە لەماوەی هەفتەیەكدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پرۆژەی سندوقەكە پەسەند بكات و راستەوخۆ بخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، تەوەری یەكەمی كۆبونەوەكە تایبەت بو بە ئەنجامی سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا تایبەت بە گەڵالەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و غازی فیدراڵی.
لە تەوەری دوەمی كۆبونەوەكەدا ڕەشنوسی پەیڕەوی (سندوقی چاودێری و شیاندنی كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان) لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2011، خرایەڕو.