قوباد تاڵەبانی: نابێت لەپێناو بەرژەوەندی هەندێك کەس پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە پەکبخرێ
  2023-08-09       549       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەی لەگەڵ لیوا روکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەو ژمارەیەک لە ئەفسەران و پلەداری وەزارەت رایگەیاند؛ بەردەوام دەبین لە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەو هەر کەس و بەرپرسێک کەمتەرخەم بێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. دەشڵێت، نابێت لەپێناو بەرژەوەندی هەندێك كەس پڕۆسەی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە پەكبخرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، كۆبونەوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەولێر بەڕێوەچوەو تێیدا تاوتوێی دواپێشهات و گرژی و ناکۆکییەکانی ناو دیوانی وەزارەت کرا.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە گرژییەکان و هۆکارەکانی کردو هەروەها رونکردنەوەی دا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچونی قۆناغەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەو کێشەو کەموکوڕییەکانی پڕۆسەکەی خستەڕو.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەریم لە کۆبونەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر "بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە"و رایگەیاند: "ئاساییە گرژی و ناکۆکی سیاسی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام قبوڵکراو نییە ئەو گرژییە بهێنرێتە ناو وەزارەتی پێشمەرگە."

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان داوە کە؛ هێزەکانمان تۆکمەترو راهێنراوتر بکەین و قۆناغ بە قۆناغ پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکەین، هەربۆیە ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندی هەندێک کەس، دەستبەرداری بابەتێکی وەها هەستیارو گرنگ بین. ئێمە بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوەش لە کەسانی کەمتەرخەم دەکەین لە هەر پلەو پۆستێکدا بن."

جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەکەدا پەیامێکی بۆ هەمو بەرپرسان و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە ناردو رایگەیاند: "لەڕوی سیاسی و حیزبییەوە سەربە هەر لایەنێکن، لەڕوی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە ئەرکی ئێوەیە لە وەزارەت پیشەییانە مامەڵە بکەن و دوربکەونەوە لە ململانێ و نەبنە بەشێک لە ناکۆکی سیاسی و حیزبی و مل نەدەن بۆ هیچ دەستێوەردانێک لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی "ستایشی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەو تیمی یاوەری کرد کە لەماوەی رابردودا زۆر بەسەبرو پەرۆشەوە کاریان کردوە لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناو وەزارەت و هەمو هەوڵێکیان داوە پرۆسەی چاکسازی بەتەواوەتی پەک نەخرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×