ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەی خۆیدا بە کۆی دەنگ رەشنوسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان)ی پەسەند کرد. سەرۆك وەزیرانیش رایگەیاند، پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خرایەڕو کە تایبەت بو بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و گاز.
سەرۆکوەزیران وێڕای جەختکردنەوە لەوەی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستوری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت وگاز بکرێنە بنەماو هەروەک لە دەستوریشدا بە رونی هاتوە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستوردا جێگیرکراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون.
ئەنجومەنی وەزیرانیش دوپاتی بایەخی هەبونی یاسای نەوت وگازی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی ڕێکخستنی ئەم کەرتە بێت و سیستەمی فیدرالی عێراق بێت وەک لە دەستوردا هاتوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی دوەمی کارنامەی کۆبونەوەکەدا، کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەشنوسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان) خستەڕو کە لە بەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 ئامادەکراوەو ئامانج لێی، دەستبەکاربونی سندوقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتوی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی تر خەرجبکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە ڕێگای فەراهەمکردنی چاودێریی و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری و بە گوێرەی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندوقەکە پێکدێت کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە خۆ دەگرێت و ئەوانیش هاوتای لایەنە حکومیيەکان بڕیاردەر دەبن لە بەڕێوەبردنی سندوقەکە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کردو وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپارد، بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، ڕێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.