سەرجەم کارمەندانی بەشی وێنەگرتنی دامەزراوەی میدیایی گۆڕان (KNN) لە سلێمانی دەستیان لەکارکێشایەوە بەهۆکاری "خراپی ئیدارەدان و بەرێوبردنی کەنال" کە وەک خۆیان دەڵێن وەک "کۆیلە" سەیریان دەکەن و کاری وێنەگری لە کەناڵەکەدا "ناشرین کراوە."
بەشی وێنەگرانی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە راگەیاندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند و دەڵێن، "چیتر نامانەوێت لە کەناڵێکدا کاربکەین کە بەڕێوەبەرانی لەسەر حسابی کارمەند و دروستکردنی بارگرانی لەسەر شانی کامێرامان بیانەوێت باری دارایی کەناڵەکە و خۆیان باشتر بکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن."
دەقی راگەیاندراوەکەی کارمەندە دەستلەکارکێشاوەکانی کەناڵی کەی ئێن ئێن:
بەهۆی خراپی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کەناڵ، دەستبردن بۆ قوتی کارمەند و بەکۆیلە سەیرکردنی کارمەند و کامێرامان، بێ باکی و بێ منەتی دەستەی بەڕێوەبەری KNN بەرامبەر کامێرامان کە (کێ ئەیەوێت کار بکات و کێ نایەوێت بڕوات)، لەمڕۆوە سەرجەم وێنەگرانی سلێمانی کەناڵی KNN کە ناومان لەخوارەوە هەیە، دەستمانلەکارکێشایەوە، چیتر نامانەوێت لە کەناڵێکدا کاربکەین کە بەڕێوەبەرانی لەسەر حسابی کارمەند و دروستکردنی بارگرانی لەسەر شانی کامێرامان بیانەوێت باری دارایی کەناڵەکە و خۆیان باشتر بکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن، ئەوەی کە ئەگوزەرێت لەم کەناڵەدا ناشرینکردن و بێ ئەرزشکردنی کاری کامێرامانە، لە کاتێکدا کامێرامان گرنگترین بەش و چاوی کەناڵەکەیە و ڕۆژانە کامێرامانی ئەم کەناڵە ئەڕۆن و وازئەهێنن، کەناڵێک کە تەنها بیر لەوە بکاتەوە چۆن دینارێک و دوو دیناری بۆ بگەڕێتەوە، بەدڵی خۆی یاری بە هەستی کارمەند ئەکات.
بەهیوای سەرکەوتن بۆ هاوڕێ و هاوکارانی دیکەمان لە KNN و ماندونەبن..
ژیار کامیل - لێپرسراوی بەشی کامێرا
ئەشرەف ئەحمەد - وێنەگر
ڕێباز ئیبراهیم - وێنەگر
ئارۆس جەبار - وێنەگر
بەرهەم جەزا - وێنەگر