وەزارەتی تەندروستی 7 سزاو رێكاری لەبارەی پێشێلكردنی مافی منداڵێكی تازە لەدایكبو لە نەخۆشخانەیەك گرتەبەر
  2023-08-20       446       

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم حەوت سزاو رێكاری لەبەرامبەر نەخۆشخانەی "ئەربیل ئینتەرناشناڵ" گرتەبەر بەپێی دوان لە بڕیارەكان دو كارمەندی نەخۆشخانەكە دوردەخرێنەوەو بەشی منداڵە ناكامەكان نەخۆشخانەكەش دادەخرێت.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیەكی پێشێلكردنی مافی منداڵێكی تازە لەدایكبو لە نەخۆشخانەی (ئەربیل ئینتەرناشناڵ)ی ئەهلی، وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی تیمی پشكنین و بەدواداچون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی ناوبراویان كرد بۆ بەدواداچونی ئەم دیاردەیە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە 112 لە ڕێكەوتی 20/8/2023 و پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ی ساڵی 2020و ڕێنمایی جێبەجێكردنی ڕێنمایێەکانی وەزارەتی تەندروستی ژمارە 4ی ساڵی 2022و ڕاسپاردەكانی لیژنەی بەدواداچون بڕیار درا بە:

١- دورخستنەوەی هەردو كارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەكانی (گ.ع.ع) و (س.ص.م) لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەڕەڕای نەبونی ڕێگەپێدانی كاركردنی ئەم دوكارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.

٢- سڕكردن و لەكار ڕاگرتنی هەردو كارمەندی ناوبراو لە كاركردن لەبواری پزیشكی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ.

٣- داخستنی بەشی منداڵە ناكامەكان ( خدج) لە نەخۆشخانەی ناوبراو بەهۆی نەبونی مەرجی تەندروستی تا ڕێكخستنەوە و پەیڕەوكردنی مەج و ڕێنماییەكانی تەندروستی.

٤- داخستن و ڕاگرتنی نەشتەرگەری منداڵبون تا جێبەدجێكردنی بڕیاریەکانی خاڵی سێیەم.

٥- سزای بەڕێوبەر و نەخۆشخانە بەپێی ڕێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی.

٦- سزای ئاگاداركردنەوە (انذار)ی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ كاركردنی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی ڕێگەپێدرا و لە وەزارەتی تەندروستی.

٧- هەواڵەکردنی دۆسیەی سەرپێچی کردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×