مەكتەبی سیاسی یەكێتی: رۆژی 27/9/2023 کۆنگرەی پێنجەم دەبەستین
  2023-08-20       574       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی حزبەكە لە شاری كەركوك كۆبوەوەو لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا رۆژی 27ی 9ی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە لە شاری کەرکوک کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، "لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبون، بڕیاردرا رۆژی 27ی 9ی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبوەوە.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی دەربارەی کۆی کێشە سیاسییەکان بەرچاوڕونیدا و رایگەیاند، یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێم و بەغدا لەپێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سورە و بەهەموشێوەیەک داکۆکی لێدەکەین.

سەرۆک بافڵ بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندوەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە. هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان کرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە کردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی نەگۆڕمان لەخزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین.

کۆبونەوەکە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەکرا و وەک ئیستحقاقی حزبی، دیموکراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبون، بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٣ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

هەر لە درێژەی کۆبونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×