هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ئەگەر چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا نەکەن، ئەوان ناتوانن لە هاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتەکە بەردەوام بن.
ئاوێنە: مات مەکفارلەین، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سوریا كە ئەركەكەی كۆتایی هاتوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە هەندێ خاڵی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن جێبەجێكردون، "بەڵام نەبونی وەزیری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوەکەی لاواز کردوەو پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی وەستاندوە."
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان وتیشی، دوای هەڵسەنگاندی مانگی تەمموز، "ئێمە راگەیێندراوێکمان بڵاوکردەوە و بێهیوابونی خۆمان دەربڕی لە بەدەستهێنانی هەندێ ئامانجی یاداشتنامەکە."
مەکفارلەین وتیشی، هانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین بۆ دەربڕینی نیازپاکی و پابەندییەکانیان، وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکەن.
هاوکات، هۆشداریشی دا لەوەی، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێت چاکسازییەکان و پابەندییەکانی خۆی بەگوێرەی یاداشتنامەکە جێبەجێ بکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناتوانێت لە پێشکێشکردنی هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوام بێت."