پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆدەبێتەوە.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی: لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و لەهەولێر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
پێشتر ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 23ی ئاب، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە بەغدا.
ئەحمەد سەحاف، وتیشی لە سەردانەكەیدا هاكان فیدان، لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆدەبێتەوەو تاوتوێی پرسەكانی جێی بایەخی هەردولاو ئاڵنگارییە هاوبەشەكان دەكەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، وەزیرە توركەكە، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتییە سیاسییەكان و هەروەها بەرپرسانی باڵای حكومەت كۆدەبێتەوەو سەردانەكەشی لەچوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی بەغداو ئەنقەرەدا دەبێت و لە كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی گرنگترین دۆسیەو پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردو وڵات دەكرێت.