هونەرمەندێکی کورد: لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدام
  2023-08-21       903       

سامان یاسین، ئاوازدانەری بەندکراوی کورد کە سزای لەسێدارەدانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە، لە نامەیەکدا دەڵێت، لە ژێر ئەشکەنجە جەستەیی و دەرونییدایە و هاوکات داوای دادگاییکردنی بە ئاشکراش دەکات.

ئاوێنە: سامان یاسین لە لێدوانێکی تۆمارکراودا کە لە سەر ماڵپەڕی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکادا بڵاوبوەتەوە، دەڵێت "بە تاوانێک کە خۆشم نازانم چییە، بەندکراوم".

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات دادوەری دۆسیەکەی رێگەی پێنادات هیچ پارێزەرێک هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی لانیکەم دۆسیەکەی بخوێنێتەوە و دەڵێت، "پێویستە ڕێگە بدرێت پارێزەر و ڕۆژنامەنوسانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی لەو دادگاییکردنەدا ئامادەبن و داواکاریی خۆیان بۆ ئامادەبون لە زوترین کاتدا بە نوسراو بۆ دادوەر سەڵواتی و بەرپرسان و دادگا بنێرن".

ئەو هونەرمەندە کوردە جەخت لە بێتاوانی خۆی دەکاتەوە و باس لەوەدەکات، چوار ئاوازی داناوە کە سەبارەت بە "دۆخی ئەو بێدەرەتانانەیە کە لە سەر شەقامەکانن".

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یاسین لە نامەکەدا ڕونیکردوەتەوە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردودا چەندین لە ژێر ئەشکەنجە جەستەیی و ڕەوانیدا بوە و بە زۆری دەرمانیان دەرخوارد داوە و دەرزییان لێداوە و ئەوەش بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ بوە، کە چەند ڕۆژێک پێش نوسینی ئەو نامەیە، بۆ بە بەندیخانەی ئەوین گوازراوەتەوە.

سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کوردێکی خەڵکی کرماشانەو هونەرمەندی راپە، ئەو لە 2ی مانگی 10ی 2022 لە میانەی خۆپیشانانە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا، سەرەتا برایە زیندانی ئەوین، بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی نێو ئێران ئەو لە 29ی مانگی 11 پاش ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبونی جیهانی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئێران لە دوای چین لە پلەی دوهەمدایە لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و لە ساڵی 2021دا بەلانیکەم 314 کەس لە سێدارە دراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×