لە هەرێم هەڵمەتی "لەناوبردنی دەرمانی بەکارنەهاتو" راگەیەندرا
  2023-08-21       239       

وەزارەتی تەندروستی هەرێم هەڵمەتی "لەناوبردنی دەرمانی بەکارنەهاتو" راگەیاند، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، سەلمێندراوە کە پاشماوەی دەرمان، پاشماوەی نەخۆشخانەکان، جەستەی مرۆڤ دوای نەشتەرگەرییەکان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پیسکردنی ژینگە دەبێت و دورمەوداش کاریگەرییە نەرێنییەکانیان بەردەوام دەبن.

ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشتیوانی لە هەڵمەتەکەی وەزارەتی تەندروستی دەکەن و هەریەکە لە تەندروستی، شارەوانی، کوشتارگەی هەولێر بەشێکن لە پڕۆسەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە بەجۆردەبێت و هەموان دەتوانن بە ئاسانترین شێوە لە هەڵمەتەکەدا بەشداربن و ئەو ئەو ئۆتۆمبێلانەی رۆژانە لە کۆڵان و گەڕەکەکان پاشماوە و زبڵ کۆدەکەنەوە جێگەیەکی تایبەتیان تێدا دیاریکراوە، هاوڵاتی تەنها زەحمەتی ئەوە دەکێشێت، ئەو دەرمانە بەسەرچوەی لە ماڵەکەیدا هەیە یان بەکارنەهاتوە و پێویستی پێ نەماوە، نەخاتە نێو سەلەی زبڵەکەیەوە، بەڵکو لە نێو عەلاگەیەک دایبنێت و بیداتە دەست ژینگەپارێزان.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، هەڵمەتەکە لە دەرگای ماڵێک دەدات و کات و تێچوی لەسەر هیچ کەسێک نابێت.

پەیوەست بە رێگەی دوەمیش، ئومێد خۆشناو وتی، "لە بنکە تەندروستییەکان شوێنی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی دەرمانی ماوەبەسەرچو یان بەکارنەهاتو دیاریکراوە، پێش ئەوەی سەردانی بکات باشتروایە ئەو جۆرە دەرمانانە بخاتە نێو عەلاگەیەکدا و لە نێو ئەو شوێنە تایبەتانەدا دایبنێت".

ئەوەشی خستەڕو، "سەلمێندراوە کە پاشماوەی دەرمان، پاشماوەی نەخۆشخانەکان، جەستەی مرۆڤ دوای نەشتەرگەرییەکان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پیسکردنی ژینگە دەبێت و دورمەوداش کاریگەرییە نەرێنییەکانیان بەردەوام دەبن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×