وتەبێژی حکومەت لەبارەی قەرزی هاوسەرگیریی و خانوبەرە رونکردنەوە دەدات
  2023-08-21       1063       

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی هاوسەرگیریی و خانوبەرە دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت و "میکانیزمی پێشو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، "لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانوبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی هەرێم "مەبەستییەتی کە فشارو بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و میکانیزمی پێشو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

پێشتر هیڤدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکردبو، کاتێک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی سەردانی زاخۆی کرد، لەبەردەم هەزاران کەسدا، یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەبو کە وەرگرتنی قەرزی خانوبەرە و قەرزی هاوسەرگیری ڕابگیردرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانوبەرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×