وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویکردەوە، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، کڕینی بلیتی فڕۆکە لە عێراق ببێتە ئەلیکترۆنی و کار لەسەر کەمکردنەوەی نرخی بلیتەکان دەکرێت.
ئاوێنه: مەیسەم سافی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: خزمەتگوزاری کڕینی بلیتی فڕۆکە بە ئەلیکترۆنی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان دەکات و گەشتیار دەتوانێت بەبێ چوونی بۆ نوسینگەکانی گواستنەوە، بلیتی فڕۆکە بۆ گەشتی ناوخۆیی و دەرەکی بکڕێت، تاکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو خزمەتگوزارییە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و بەردەست دەبێت.
لەبارەی نرخی بلیتەکانیشەوە باسی لەوەکرد، هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی نرخی بلیتەکان دەدەن لە ئەگەری سەقامگیربوونی دارایی و زیادبوونی داھات، ئەمەش لە کاتێکدایە ھەندێک پێیانوایە نرخەکان بەراورد بە ھەندێک لە کۆمانپای گشتییەکانی بواری گواستنەوەی ئاسمانی گرانە.
هەروەها لە مانگی ئەیلوولی داھاتوو، فڕۆکەی نوێ لە ھێڵی فڕۆکەوانی عێراقی لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ گەشتەکان بەردەست دەبێت.