لەدژی دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی، بەشێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە شارى هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا
  2023-08-21       527       


ئەمڕۆ لەدژی دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی و بۆ داواکردنی ئازادیی خۆی و دەسگیرکراوانی دیکەی بادینان، بەشێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە شارى هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا ڕایانگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە دۆخی ئازادیی بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە .

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای هەولێر، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، دژی سزادانەوەی شێروان شێروانی و تێیدا داوای ئازادکردنی ئەو و هەموو دەستگیرکراوانی دیکەی بادینانیان کرد.

لە گردبوونەوەکەدا، فەرمان ڕەشاد، بەناوى بەشداربوانەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، وامان لێدەکات بەردەوام بین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ناڕەزاییەتییەکان و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ گەیاندنی دەنگمان و کۆتایی هێنان بەم دۆخە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی چاکسازیی و فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەڕبڕین، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و ڕۆژنامەوانیی و کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا، کە کۆڵەکەی هەر سیستەمێکی دیموکراسیی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە پاشەکشەی یەکجار گەورە کردووە و چیتر قەبوڵ ناکرێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، سزادانی شێروان شێروانی و ئازاد نەکردنی گوهدار زێباری، نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، بە جۆرێک دەستێوەردانی سیاسیی بە ڕوونی لەم کەیسە دیارە و ئامانج لێی هێشتنەوەی شێروان و گوهدارە، بۆ ماوەیەکی زیاتر.

باس لەوەشکرابوو، ئێمە لێرە بەناوی خۆمان و سەرجەم ئازادیخوازان، پەیام ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە دەکەین، کە ئەو پێشێلکارییە یاساییە ڕاستبکەنەوە بۆ ئەوەی بێ متمانەیی خەڵک بە دادگاکان قووڵتر نەبێتەوە و سیمای کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرینتر نەبێت، بەهۆی دەستێوەردانی سیاسیی لە کاری دەسەڵاتی دادوەریی.

ئاماژە بەوەشکرابوو، هەموو ئاماژەکان ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە پیشاندەدەن، کە هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە زەوتکردنی ئازادییەکان و بە ئەندازەیەکی بەرچاو دۆخەکە بەرەو سیستەمێکی دیکتاتۆری ئەمنیی هەنگاو دەنێت، کە بۆتە هۆی ئەوەی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسییدار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لەلای ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سەیر بکرێت.

دەشڵێن، هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، وامان لێدەکات بەردەوام بین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ناڕەزایەتییەکان و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ گەیاندنی دەنگمان و کۆتایی هێنان بەم دۆخە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×