حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه "ڕۆژ له دوای ڕۆژ له ڕێگه‌ی ڕاپۆرت و داتاوه هۆشداری توند به هه‌رێم ده‌درێت، كه‌چی به‌رپرسانی هه‌رێم هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نانێن و ده‌بێت تێبگه‌ن كه به‌بێ یه‌كگرتوویی و كاری هاوبه‌شی لایه‌نه كوردستانییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت".
ئاوێنە: حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی، له میانی به‌شداریكردنی له سیمینارێكی یاساییدا كه تایبه‌ت بوو به پزیشكی دادی، وتارێكی پێشكه‌شكرد و ڕایگه‌یاند كه "سه‌روه‌ری یاسا پایه‌كی گرنگی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراتییه، نابێت ڕێگه بدرێت دادگاكان به سیاسی بكرێن، كاتێك دادگا سه‌روه‌ر نه‌بێت مه‌ترسی ئه‌وه زیاتر ده‌بێت، هاوڵاتیان له جیاتی په‌نابردن بۆ دادگا، هه‌وڵبده‌ن خۆیان كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن، كه ئه‌وه‌ش تاوان زیاتر ده‌كات".
سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ھه‌رێمی كوردستان حاكم قادر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه "چه‌ند جارێك هۆشداریمانداوه هه‌رێم له به‌رده‌م ئاڵه‌نگاری گه‌وره‌دایه، به داخه‌وه ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش زه‌نگی لاوازبوون و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم لێده‌ده‌ن".
حاكم قادر وتی: "ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان به تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی، له‌م قۆناغه‌دا له جیاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه كۆنه‌كان، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و لێكنزیكبوونه‌وه بده‌ن، چونكه له‌م دووبه‌ره‌كی و لێكترازانه‌ی ئێستا هه‌یه، هه‌رێمی گوردستان و گه‌له‌كه‌مان زه‌ره‌ر ده‌كات".
وتیشی، "ناكرێت ئه‌و هه‌موو هۆشدارییه نه‌بیسترێت و به‌رپرسان و بڕیاربه‌ده‌ستانی ئه‌م وڵاته هێنده بێده‌ربه‌ست بن، پێویسته به خێراترین كات هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان بنرێت، به پێچه‌وانه‌وه باجی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه".
حاكم قادر ھێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد كه "په‌كخستن و دواخستنی له‌وه زیاتری یه‌كخستنه‌وه‌ی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه زیانێكی گه‌وره به گه‌لی كوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی له ھه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌ركێكی گرنگه ئه‌و پرۆسه‌یه له ئێستادا دوانه‌خرێت و چاكسازی ته‌واو له‌و هێزه‌دا بكرێت و هێزه‌كه بكرێته نیشتیمانی".
له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا حاكم قادر باسی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كرد و ڕایگه‌یاند، "ناكرێت به‌غدا به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له چاوه‌ڕوانیدا بھێڵێته‌وه و هه‌ر مانگه و به‌بیانوویه‌ك ناردنی شایسته داراییه‌كان دوابخات، چونكه فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌شێكن له فه‌رمانبه‌رانی عێراق و پێویسته نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان فشاره‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه و چیتر ڕێگه نه‌ده‌ن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له به‌غداوه دوابخرێت، چونكه حكومه‌تی فیدڕاڵی له جیهاندا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌و له ئێستادا به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌ك حكومه‌تێكی فیدڕاڵی مامه‌ڵه ناكات”.