حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى ناردنى موچه‌ له‌به‌غداوه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات
  2023-08-22       1446       

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى ناردنى موچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌گوێره‌ى یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌و وته‌بێژى حكومه‌تیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چونى وه‌فده‌كه‌ى هه‌رێم بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ بزانین بۆچى تائێستا به‌شه‌ بودجه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم نه‌كراوه‌".

ئاوێنە: پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم به‌میدیاكانى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "لە 20ی مانگ بۆ 25ی مانگ بەغدا موچە دابەشدەکات، بۆیە ئەگەر حکومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی بودجە بێ، دەبێت لەو ماوەیە موچەی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت، به‌گوێره‌ى شایستەی خەڵکی هەرێم، دەبێت لەوەی هەیە بودجەی هەرێم بنێردرێ، بودجە تەنها موچە نییە، هەموو شایستە داراییەکانە".

به‌وته‌ى هه‌ورامانى، "حکومەتی هەرێم هەموو وردەکارییەکی بەلیژنەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق داوەو هەرچییان ویستوە خراوەتە بەردەستیان، ئێستا هیچ تێبینییەک نەماوە کە عێراق لەسەر هەرێمی هەبێت تاوه‌كو بەربەست بێت موچەو بودجە نەنێرێت، بۆیە پێویستە بەزوترینکات بەشە بودجە بنێرێت‌و پابەندبن بەوەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردویانە".

سەبارەت بەچونی وه‌فدى حکومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا، وته‌بێژی حكومه‌ت ده‌ڵێت، "ئەگەر وه‌فد بڕوات بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە بزانین‌و تێبگەین، کە بۆچی تائێستا بەشە بودجەی هەرێم نەنێردراوە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر هونەر جەمال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاندبوو، ڕێنماییه‌كانى جێبەجێکردنی یاسای بودجه‌ له‌بوارى جێبه‌جێكردندان، هیوادارین له‌م‌ هه‌فته‌یه‌دا حكومه‌تی عێراق پابه‌ندبێت به‌یاسای بودجه‌و موچه‌و بودجه‌ى هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بكات، هەرکات پارەکە نێردرا، ئێمەش دەست بەدابەشکردنی موچە دەکەین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×