وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا، ئەمڕۆ سێشەممە، لە ئەنقەرە كۆبونەوە. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، هەردولا جەختیان لە گرنگی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردۆتەوە.
ئاوێنە: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا كۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبونەوەكە كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، هەردو وەزیر ژمارەیەك لە پرسی ناوچەیی جێی بایەخی هەردو وڵاتیان تاوتوێ كردون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردو وەزیر جەختیان لە گرنگی هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق توركیاو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كردۆتەوە، ئەوەش لەدوای پشكنین و چاككردنەوەی هێڵی بۆری نەوت لەپاش بومەلەرزەكەی 6ی شوباتی ئەمساڵی توركیا.
هەروەها وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا جەختیان لە بەهێزكردنی ئاسۆكانی هاریكاریی هاوبەش لەبوارەكانی وزە، نەوت، غازو بەستنەوەی كارەبا كردۆتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لیژنەی ئابوریی هاوبەشیی توركیاو عێراق كە لەلایەن هەردو وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیاوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بڕیاریدا لە بەغدا كۆبونەوەی 19یەمی لیژنەكە بكرێت كە دواتر وادەكەی دیاری دەكرێت.