هەپەگە رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممەو دوێنێ دوشەممە، لە چوار چالاكی گەریلادا دژبە هێزەكانی سوپای توركیا لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، چوار سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سێ لەو چالاكییانە دوێنێ 21ی ئاب لە شاخی جودی لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ بە نیشانەشكێن ئەنجامدراون و تێیاندا سێ سەربازی توركیا كوژراون.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر دوێنێ لە شاخی جودی، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا، کامێرایەکی چاودێری هێزەكانی توركیا تێکشکێنراوە، هەمان رۆژ و لە هەمان شوێن لە چالاكییەكی دیكەدا گورز لە سەنگەرێكی سوپای توركیا وەشێنراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمڕۆش 22ی ئاب، لە شاخی جودی، لە چالاكییەكی گەریلادا دژبە هێزەكانی سوپای توركیا بە نیشانەشكێن، سەربازێك كوژراوە.