هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا، رایگەیاند، پەکەکە شنگال، مەخمور، قەندیل، سلێمانی و زۆر شوێنی دیکەی عێراقی "داگیرکردوە". دەشڵێت، چاوەڕێین عێراق پەكەكە وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت."
ئاوێنە: هاكان فیدان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند"پاراستنی سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی عێراق یەكێكە لە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئێمەو بەردەوام دەبین لەسەر ئەم سیاسەتەش."
جەختیشی كردەوە كە ئەوان پشتیوانی لە حكومەتەكەی سودانی دەكەن.
وتیشی، لە كۆبونەوەماندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق زۆر بابەتەمان باسكرد هەروەها "باسمان لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر كرد."
بەقسەی هاكان فیدان پەكەكە "دوژمنی هاوبەش"ی توركیاو عێراقەو وتیشی"پێویستە رێگەی پێ نەدرێت، كە ژەهر بخاتە نێو پەیوەندییەكانی ئێمە."
هەروەها بانگەشەی ئەوەشی كرد كە "پەكەكە قەندیل، شەنگال، مەخمورو سلێمانی و زۆر شوێنی تری لە عێراق داگیركردوە."
وتیشی، "چاوەڕێین عێراقیش پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت."
هەروەها بەبڕوای وەزیری دەرەوەی توركیا ئامانجی پەكەكە "تێكدانی یەكپارچەیی عێراق و سەقامگیری عێراقە." وتیشی"ئامادەین بۆ بەرەنگاربونەوەی پەكەكە بەردەوام لەگەڵ عێراق هەماهەنگی بكەین."