ئەندامێکی لیژنەی دارایی پهرلهمانى عێراق ئاشکرایکرد، ئەو لیژنەیەی بۆ ئامادەکردنی پلەبەندی نوێی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ڕاسپێردراوە، لەڕەوانەکردنی ڕاسپاردەکانی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق زۆر دواکەوتوە، دهشڵێت، "لیژنەکە خەریکی ئامادەکردنی داتابەیسێکی تایبەتە بەفەرمانبەران تاوەکو بزانرێت دەستکاریکردنی خشتەی موچە پێویستی بەتەرخانکردنی چەند بڕە پارە هەیە".
ئاوێنە: سامر زەیبان ئەندامی لیژنەکە لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لیژنەیەک هەیە لەئەنجومەنی وەزیران پێکهێنراوە کە وەزارەتەکانی داراییو پلاندانانو وەزارەتەکانی تریش لەخۆدەگرێت، بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەک بۆیاسای نوێی پلەبەندی موچە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەکە زیاتر لەپێنج مانگ دواکەوتوە".
هەروەک دەڵێت، "لیژنەی دارایی میوانداریی لیژنەی ئامادەکردنی خشتەی نوێی موچەی کردو لەبارەی ئەو وەزارەتو لایەنانەی خشتەی نوێی موچە دەیانگرێتەوە گفتوگۆیان کردوە".
باسی لەوەشکردوە، تائێستا پڕۆژەیاسا نوێکە ئامادەنەکراوەو بۆ پەسەندکردنی بۆ حکومەت نەنێردراوە، جگەلەوەش هێشتا نازانرێت لێکۆڵینەوەکەیان بەکوێگەیشتوەو ڕاسپاردەکانی بۆ حکومەت بەرزکردۆتەوە یان نا.
لای خۆیەوە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتویەتی، "ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دەستکاریکردنی خشتەی موچەی فەرمانبەران ڕاسپێردراوە، کە پێکهاتوە لەوەزارەتەکانی داراییو پلاندانان، دیوانی چاودێری دارایی، ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵیو دامەزراوەکانی تر، خشتەیەکی جێگرەوەی پێشنیارکراوی لەبارەی موچە پێشکەش بەحکومەت کردوە".
کازمی هەروەک دەڵێت، "لیژنەی بەرپرس دەستکاریکردنی خشتەی موچە دەیەوێت داتابەیسی تایبەت بەژمارەی فەرمانبەرانی دەستبکەوێت کە چوار ملیۆنی تێپەڕاندوە، بۆ ئەوەی بڕی ئەو پارەیەی بۆ دەستکاریکردنی خشتەی نوێی موچە پێویستە بزانرێت".