عێراق رونكردنەوە سەبارەت بە "قەیرانی بەنزین" دەدات
  2023-08-23       263       

وەزارەتی نەوتی عێراق سەرجەم ئەو زانیاریانەی رەتكردەوە كە باس لە دروستبونی قەیران و كێشەی كەمی بەنزین دەكەن و راشیگەیاند، هیچ كێشەیەك لەدابینكردنی بەنزین نییە، ئەوەی كێشەیە بونی خواستی زیاترە لە سەر بەنزین.

ئاوێنە: عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ چوارشەممە دابینكردنی بڕێکی زیاتری بەنزینی موحەسەن بۆ وێستگەکانی بەنزینی حکومی و ئەهلی دەستپێدەکات".

عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم رێکارانە لە دەرەنجامی زیادبونی بڕی بەکاربردنی بەنزینە لەلایەن هاوڵاتییانەوە کە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما".

ئەوەشیخستەڕو، بۆئەوەی زانیاری ناڕاست بڵاونەبێتەوە سەبارەت بەقەیرانی بەنزین، لەمەودوا لێكۆڵینەوە دەكەن لەو سەرچاوانەی وەزارەتی نەوت كە زانیاری ناڕاست دەدەنە دەزگاكانی راگەیاندن.

ئەوەش لەكاتێكدایە ژمارەیەك لەمیدیاكان باسیان لەدروستبونی قەرەباڵغی و لۆد لەسەر بەنزینخانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق كردبو، بەدروستبونی قەیران و كەمی بەنزین وەسفیان كرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×