پەڕلەمانتارێکی یەکێتیی زانیاری نوێ لەسەر ڕەوانەکردنی بودجە لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات
  2023-08-23       919       

پەڕلەمانتارێکی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق هۆکارەکانی پشت دواکەوتنی رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجە لەلایەن بەغداوە ئاشکرادەکات و رایگەیاند، بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بوونی کێشەی سیاسییەوە نییە، بەڵکو تەنیا گرفتێکی تەکنیکییە.

ئاوێنە: غەریب ئەحمەد، پەڕلەمانتاری یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە: هیچ کێشەیەکی سیاسیی لەبەردەم رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستاندا نییە، بەوپێیەی هەرێم پابەندی خۆی بەسەرجەم مەرجەکانی بەغدا راگەیاندووە، بەڵکو ئەوەی هەیە چەند ئیشکالییەتێکی تەکنیکییە سەبارەت بە داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و باج.

ئەو پەڕلەمانتارەی یەکێتیی هەروەک دەڵێت: پێش کۆتایی ئەم مانگە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە رەوانە دەکرێت، هەروەک چەند ڕێکارێکی تەکنیکی سادەش هەیە چارەسەر دەکرێت و دواتر سەرجەم پشکی هەرێم لە بودجە رەوانە دەکرێت.

پێشتر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی ڕایگەیاند، کێشەی سەرەکیی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر داهاتە نانەوتییەکانە، بەو پێیەی هەرێم تەنها داهاتی گومرگەکان بە سیادی دەزانێت دەزانێت و دەڵێت دەبێت 50%ی بۆ ناوەند و 50% بۆ هەرێم بێت، بەڵام حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت کۆنتڕۆڵی سەرجەم داهاتەکان بکات، بە گومرگ و باج و ڕسوماتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×