عامری بۆ وەزیری دەرەوەی توركیا: هێزەكانتان لە عێراق بكشێننەوە
  2023-08-23       818       

هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، پێویستە هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراق بكشێنەوە. دەشڵێت، عێراق رێگە بە بونی هیچ گروپێكی چەكدار لە خاكەكەی نادات و هەر دەستدرێژییەكیش لە خاكەكەیەوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ رەتدەكاتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر، لە نوسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی كردوە لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیاو وەفدی یاوەری.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەیەكدا هەردولا تاوتوێی دۆسیەی ئاویان كردوەو جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەركردنی قەیرانی ئاو و دۆزینەوەی چارەسەری كاریگەری بۆ دەستڕاگەیشتنی عێراق بە پشكی ئاوی خۆی كردۆتەوە.

هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردولایان جەختیان لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەریی هەردو وڵات و رێگری لەسەر هەر پێشێلكاری و دەستدرێژییەك و پێویستی زاڵكردنی زمانی گفتوگۆ و هاریكاری كردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك لەگەڵ جەختكردنەوە لە دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر لەسەر سنوری نێوان هەردو وڵات.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا هادی عامری جەختی لە پێویستی كشانەوە هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق كردۆتەوەو راشیگەیاندوە، عێراق بەپێی دەستور رێگە بە بونی هیچ گروپێكی چەكدار لەسەر خاكەكەی نادات و هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لە خاكەكەیەوە رەتدەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×