قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا جەخت لە پێویستی پاراستنی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد دەكەنەوە
  2023-08-23       348       

قوباد تاڵەبانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش لە كۆبونەوەیەكدا جەخت لە پێویستی پاراستنی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد دەكەنەوەو وەزیرە بەریتانییەكەش داوا دەكات کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكرێن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە تۆم توگێندهات، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا کۆمەڵێک بابەتی جێگەی بایەخی هەردولا تاوتوێ کران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە تەوەرێکی کۆبووەوەکەدا "بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد کرا."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"هەردولا هاوڕابون پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد لەلایەکەوە کاریگەری هەیە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەرێم و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەوپێیەی هێشتا مەترسی تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەکان لە ئارادایە. لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداو بە پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن و پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر دەکات."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەو پرۆسەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت کرا. لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش جەختی لە "گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەت کردەوە، چونکە بەردەوامی کێشەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری هەرێم و عێراق دادەنێت."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەنگاربونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانی رێکخراو و لەناویشیاندا مادەی هۆشبەر کراوە. بەپێی راگەیەندراوەكە، وەفدەکەی بەریتانیا داوایکرد حکومەتی هەرێم زیاتر هاوکاربێت بۆ بنەبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بەرەنگاربونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و نەهێشتنی کۆچی نایاسایی.

هەر سەبارەت بە پرسی کۆچی نایاسایی، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ "ئەم بابەتە پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر هەیە." و وتیشی: "یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و هەروەها زیاتر هاوکار و بەشداربن لە گەشەپێدانی ئابوری هەرێم."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×