مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەڵێت، هەمو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆ چارەسەر بكرێت و "هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون."
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چینوتوێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆبۆوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەسعود بارزانی هێمای بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا و ڕایگەیاند، هەمو هەوڵێک دەخاتەگەڕ کە دۆخی ناوخۆ چارەسەر بکرێت و هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێک بکەون.
ئەوەشی خستەڕو، "حکومەتی تازەی عێراقی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتی و ڕەچاوکردنی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق دامەزرا بەڵام بەداخەوە ئەو بنەمایانە پشتگوێ خرا. لەدوای سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا ئەو چاوەڕوانییە هەیە گرفتەکان چارسەر بکرێن."
مەسعود بارزانی وتیشی"پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە توانا و سەرچاوەکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەرنامەو پلانی باشی ئەنجامداوەو دەرئەنجامەکانی بە دیار دەکەون."