حكومەتی هەرێم و بەریتانیا لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشیان بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان ئیمزاكرد
  2023-08-23       348       

ئەمڕۆ چوارشەممە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا "لێکتێگەیشتنی هاوبەش"یان بۆ هەماهەنگی و هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان ئیمزاكرد.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا، "لێکتێگەیشتنی هاوبەش"یان دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لەنێوان هەردو حکومەتدا ئیمزاكرد.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم وتویەتی" ‎ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو روبەڕوبونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان کە سنورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لەسەر هاونیشتیمانیان دروست دەکەن."

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشداوە "ئەو یاداشتە نەخشەڕێگایەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەردولا. هەروەها پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی، بە پشتبەستن و پابەندبون بە مافەکانی مرۆڤ و ستاندەردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لەئاستێکی فراوانتر."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×