هاکان فیدان سوپاسی هەولێر دەکات
  2023-08-24       872       

مەسرور بارزانی و هاکان فیدان کۆبونەوە و لەبارەی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و بەتایبەتی هەرێم و ئەنقەرە گفتوگۆیان کرد، هەروەها باسیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دۆسیەی ئەمنی کردوە، بارزانی وتی، "هەرێم پابەند دەبێت بە پاراستنی خاکەکەی کە نەبێت شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان"، فیدانیش سوپاسی هەولێری کرد بۆ ئەو هەماهەنگییەی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەیبوە.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان لە دوای تەوابونی کۆبونەوەکەیان، رایگەیاند، "بەخێرهاتنی برای بەڕێزم هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەم بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان، هاتنیان ئاماژەیە بۆ گرنگی پەیوەندی نێوانمان، هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردومانە بتوانین سودی باشی لێببینین".

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچەکە کرد لەوانە پەیوەندی دوقۆڵی نێوان تورکیا و عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەروەها چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بتوانین بەپێی ئەو مافە دەستوریانەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بتوانرێت لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بەجۆرێک چارەسەر بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەموان بێت.

مەسرور بارزانی وتیشی، "هەروەها لەسەر ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆکمان کرد و ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور مافی خۆی جێبەجێ دەکات کە نابێت ببێت بە شوێنێک بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین روبەڕوی هەمو جۆرە تیرۆرێک ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەیە".


ئەوەشی خستەڕو، هەروەها لەڕوی ئابورییەوە قسەیان کردوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی هەردولا کە لەبەرژەوەندی هەردولا بێت و کێشەکان چارەسەر بکرێت.

لایخۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "خۆحاڵم لە هەولێرم، بۆ ئەو پێشواز گەرمەی کە خۆم و تیمەکەم کراوە سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەم، تورکیا لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بەشێوەیەکی زۆر داینەمیکی بەرەو پێش دەڕوات، تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر بەهەمو شێوەیەک بەگرنگییەوە سەیری پەیوەندیەکان دەکات، لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا زۆر پرسی جۆراوجۆرمان باسکرد وەکو تیرۆر و دۆسیەی ئاو".

رونیشیکردەوە، "هەولێر لەوکاتانەی کە عێراق بە کێشەدا تێپەڕیوە هەموکات شارێک بوە ئارام و سەقامگیر بوە و بەردەوام بوە لەسەر ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی کە هەیبوە و ئێمە ئامادەی هەمو هاوکاریەکین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لەبەر ئەو هەماهەنگییەی هەولر لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پیشانیدا سوپاسیان دەکەین و بابەتی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەنگاویان بۆ بنێنین".

هاکان فیدان دەشڵێت، "لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەولێر زۆر پێداگریمان لەسەر روبەڕوبونەوەی پەکەکە کردوە و بەردەوام دەبین".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×