سزای یەک ساڵ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەر هاوسەرەکەی زارا محەمەدیدا سەپێنرا.
ئاوێنه: رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند:" بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخرتوەکەمان، لەم دواییانەدا سەیوان ئیبراهیمی چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کامێران، سزای یەک ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و ٤٠ جار قامچی لێدانی بەسەردا سەپێنراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" هۆکاری ئەو سزایانەی ناوبراو ئەوەیە کە تۆمەتی تێکدانی بنەمای گشتی دراوەتە پاڵ و خۆیشی لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەو لە کردەوەکەی خۆی دوای سەپاندنی ئەو سزایانەش پەشیمان نەبووەتەوە و ئەوەی کردووەیەتی لەسەر مافی رەوای گەلەکەی بووە".
سەیوان ئیبراهیمی هاوسەری زارا محەمەدییە و هەردووکیان مامۆستای زمانی کوردین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوسەرەکەی سەردانی دادگای شاری سنەی کردبوو و دەستگیرکرا، لە مانگی کانوونی دووەمیشدا بە دانانی بارمتە ئازادکرا.