سەنتەری میترۆ بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر تیمێکی رۆژنامەنوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی دەکات، داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات فشار بکەن بە ئاراستەی دورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو کەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.
ئاوێنه: بەپێی ئاژانسی هەواڵی ژن، دوێنێ چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیا، لە نزیک گوندی تل شیر لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامودا، ئۆتۆمبێلی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بۆردومان کرد و لەئەنجامدا کارمەندێکی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەناوی (نەجمەدین فەیسەڵ)، گیانی لەدەستداوە و ڕۆژنامەنوسێکی هەمان کەناڵ کە لەناو یەک ئۆتۆمبێلدابون، بریندار بوە.
ئەوە یەکەم جار نییە هێزی ئاسمانی تورکیا هێرشدەکاتە سەر هاوڵاتیانی سڤیل لە (13ی تشرینی یەکەم 2019) فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا کاروانێکی خەڵکی مەدەنییان لە سەرێکانی لە هەرێمی جزیرە کردە ئامانج، لەو هێرشەدا 11 کەس شەهیدبون و 74 کەسیش برینداربون.
لە ئەنجامی ئەو هێرشە سەعد ئەحمەد پەیامنێری ئاژانسی فورات شەهید بو و حەوت ڕۆژنامەنوسی دیکەش برینداربون، لە ناو ئەو کاروانەدا چەند رۆژنامەنوسێکی بیانیش برینداربون.
هەروەها بۆردومانەکەی 11ی (ئاب/8) لە نێوان ناڵپارێزو پێنجوێنی هەرێمی کوردستانی عێراق بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک، کە سێ سەرنشینی تێدا بو لەدورو نزیک پەیوەندییان بە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە نەبوە، هەرسێکیان گیانیان لە دەستدا.
لەو هێرشانەدا بە هیچ شێوەیەک رەچاوی (رێککەوتنی ژنێف ساڵی 1949) نەکراوە کە هەمو بڕگەکانی باس لە پارستنی مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ دەکات لە کاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیرکاری و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر تیمێکی رۆژنامەوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل دەکات و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات فشار بکەن بە ئاراستەی دورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو کەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.