بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبون بۆ كەمدەرامەتان، "بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت و دەستێوەردانی تێدا ناكرێت."
ئاوێنە: توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە پێگەی حكومەتی هەرێمی راگەیاند"لە دو هەفتەی ڕابردودا کە فۆرم کارا کراوە، 11 هەزار و 160 کەس پڕیان کردوەتەوە؛ تاکو 30ى 11ى 2023 بەردەوام دەبێت. بەپێی داتاى حکومەت نزیکەى 200 هەزار خێزانی کرێنشین هەن، جارێ 9 هەزار یەکەى نیشتەجێبون دیاری کراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت."
لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاوڵاتییان بۆ زوپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی داوەو وتویەتی: "لەو 90 ڕۆژەدا، هەرکات فۆرم پڕ بکرێتەوە جیاوازی نییەو داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەوکاتەى سیستەمەکە دادەخرێت. دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و دەپشکێنرێن، لە ڕێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن. دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت." ئەوەشی وت"دروستکردنی یەکەى نیشتەجێبون بەردەوامی دەبێت و بەپێی پێویستی سندوقی تایبەتی خۆی دەبێت، چونکە بەشێکە لە یاساو ڕێنماییەکان و کابینەى نۆیەم لە خەمی ئەو پرسەدایە".
لەبارەى ئەگەری دەستێوەردان و پاکییەتی پرۆسەکەوە ڕایگەیاند: "ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییەو خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دورن، بەپێی پێویستیی دیاریکراو، دیارى دەکرێن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییەو دەستێوەردانی تێدا ناکرێت. دواى تەواوبونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت."
یەکەکانی نیشتەجێبون، ژمارەیان 9 هەزار و 4 یەکەیەو دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان. دابەشبونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 1356 یەکە، سلێمانی 3876 یەکە، هەڵەبجە 192 یەکە، ئیدارەى ڕاپەڕین 420 یەکە، ئیدارەى گەرمیان 360 یەکە، دهۆک 2116 یەکە، زاخۆ 324 یەکەو ئیدارەى سۆران 360 یەکە.