مەسرور بارزانی و هاكان فیدان باسیان لە "پێویستی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم" كرد
  2023-08-24       277       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیادا كە تێیدا وەزیری وزەی توركیاش ئامادەبوە، باس لە "پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان" كراوە، "چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەمو لایەک گەیاندوە."

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوە، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دولایەنە تاوتوێ کران.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتوچۆ و گەشتیارانی هەردولا کردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە "تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەمو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەمو لایەک گەیاندوە."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پڕۆژەی ناسراو بە (ڕێگەی پەرەپێدان) و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیاو جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا" لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت، دوپاتی کردەوە کە "پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیکردن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندی گشت هاوڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەمو بوارەکاندا دەربڕیوە .

پێشتر ئاڵپئەرسلان بایرەكتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، وتی "ئێمە ئەمڕۆ لە هەولێرین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە هەنوكەییەكان بەتایبەتی هاریكاری لە بواری وزە."

وەزیری وزەی توركیا وتیشی"ئامانجمانە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق چەندین پڕۆژە جێبەجێ بكەین كە بەشداربن لە دابینكردنی پێداویستییەكانمان لە هەمو بوارەكانی وزە، لە نەوتەوە تا غازی سروشتی."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×