دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند، هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لەکاروباری دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا بکات، "چونکە دادگاکانی هەرێمی کوردستان سەربەخۆن".
ئاوێنه: دیندار زێباری بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه، "لەهەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بەجومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات."
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International)، داوای لەبەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە،"دەستبەجێ هەردوو ڕۆژنامەنوس (گوهدار زێباری و شێروان شێروانی) ئازاد بکەن."
گوهدار زێباری و شێروان شێروانی، لەمانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020وە دەستگیرکراون. بڕیاربو لە 9 ی ئەیلول شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی" هاوڕێکانی درایە پاڵو بە 4 ساڵ زیندانیکردنی تر سزا درایەوە.
گوهدار زیباریش لە 16ی ئاب وادەی سزاکەی تەواو کردو بڕیاربو ئازاد بکرێت، بەڵام تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دراوەتە پاڵ و بڕیارە بەو تۆمەتەش دادگایی بکرێتەوە.
دیندار زێباری دەڵێت،" لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بەپێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە."
هەروەها وتیشی، "بەپێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕوبەڕوی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدایەو ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی."
دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان تەنها وەکو پرسێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەسەڵاتدارانی بەهەرێم بەدروستکردنی دۆسیەی "ساختە" بۆ ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە تۆمەتبار دەکەن.