بافڵ تاڵەبانی: قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە
  2023-09-01       590       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵكی هەرێم بدەین.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا بۆ كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكەی، رایگەیاند"یەکێتی بە دیدگاو ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەمومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە."

وتوشیەتی"ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین."

سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشداوە"جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەر شوێنێکی جیھان بێت."

هەروەها وتوشیەتی"ھەمومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خوداو دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین."

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:

ھەڤاڵە سەربەرزەکانم

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە 26 ھەزار شەھید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داھاتویەکی گەشتر و سەقامگیرتر. یەکێتی بە دیدگاو ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەمومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.

 ھەروەھا جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت.

خوشک و براکانم

ھەمومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خوداو دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و ھەمو خەڵکی کوردستان رونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبونەوە ھەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ھەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژوییەو ھەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.

خۆشەویستان

مێژو سەلماندویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژوی خەباتمان ھێندە زێڕینە کە ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش ھێزو کاریگەریی یەکێتی لە ھەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای ھەموان رونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەھێزیی یەکێتی واتە بەھێزیی ھەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت ھەمو ھەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبون بەرپرسیارێتییەکی مێژویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت ھەمو ھەوڵ و ھەنگاوێکتان ھاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر

ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی ھەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر ھەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.

ھەڤاڵان

ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا ھەڵگرتوەو بەھیواوە بەرەو داھاتویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنوسینەوە.

شاد و سەرفرازبن

براو دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×