ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، گەڕانەوەی 179 ئاوارەی دیكەی ئێزیدی لە دهۆكەوە بۆ شنگال راگەیاند.
ئاوێنە: ئیڤان فایەق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لەچوارچێوەی پلانی وەزارەتەكەیاندا بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەیی لەنێو خۆی وڵاتدا، 179 ئاوارەی دیكەی ئێزیدی خۆویستانە لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكەوە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە قەزای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری قەزاكە لە سنوری پارێزگای نەینەوا.
پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە، بەپێی قسەی ئیڤان فایەق بە هەماهەنگییە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی پارێزگاگان و هەروەها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەیاندا بەسەلامەتی.
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق جەختی لە پێویستی چڕكردنەوەی تەواوی هەوڵەكان كردۆتەوە لە كاركردنی وەزارەتەكەیان بۆ ئاسانكاریی رێكارەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.