سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی داخستنی رێگەی هەولێر-کەرکوک رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن دینار زیان بەر عەلوەی هەولێر دەکەێت، دەشڵێت " 60٪ی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ عێراق کەمیکردووە ".
ئاوێنه: دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، داخستنی رێگەی هەولێر-کەرکوک زیانێکی زۆری بە بازرگانان و جوتیاران گەیاندووە و نرخی بەروبوومی جوتیاران دابەزیوە، کرێی بارهەڵگریش لە رێگەکە لە 350 هەزار دینارەوە بۆ 600 هەزار بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر رۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن بەروبووم هەناردە دەکرا بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی هەزار و 700 تۆن بەروبووم هەناردە دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک لایەنگری هێزە و حزبە عەرەبییەکانی کەرکوک لە دژی رادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بە پارتی گردبوونەتەوە و رێگەی کەرکوک-هەولێریان داخستووە.