وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت، له بۆردومانهكانی شهوی رابردوی ههرێمی كوردستان له قەندیل و شارباژێرو پشدهر 22 شوێن بۆردومان كراون.
ئاوێنە: وهزارهتی بهرگری توركیا لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، هێرشە ئاسمانییەكانی شەوی رابردو لە سەعات 12:30 خولەك دەستپێكراون و تێیدا 22 شوێن له سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارهی ڕاپهڕین بۆردومان كراون.
بەپێی قسەی وەزارەتی بەرگری توركیا ئەو شوێنانەی بۆردومان كراون، بریتین لە "16 ئەشكەوت، چوار حەشارگە، دو كۆگای پێداویستی" پارتی كرێكارانی كوردستان.
وەزارەتی بەرگری توركیا باسی لەو زیانانە نەكردوە كە بەهۆی بۆردومانەكەوە بەر ماڵ و حاڵ و زەوی و رەزی هاوڵاتیان لەو ناوچانە كەوتوە.
بەپێی ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، بەهۆی بۆردومانی شەوی رابردوی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ژمارەیەك ماڵ لە ناحیەی ئیسێوەی قەزای پشدەر زیانیان بەركەوتوەو هەروەها لەگوندی گەڵاڵەی سنوری شارباژێڕ، بەدەیان ڕەزو باخی بەرهەمداری ترێ و ترشی هاوڵاتیان سوتاوە، ئەوەش وێڕای بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی مەدەنی ئەو ناوچانەدا.