بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە ڕایگەیاند، لەمساڵدا ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان لە پارێزگاکە بە ڕێژەی لە ٪١١ زیادیکردووە و توندوتیژییەکانیش زیاتر جەستەیی و دەروونین.
ئاوێنه: تا دێت ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان لە باشووری کوردستان لە هەڵکشاندان، بەڵام تا ئێستا هەنگاوێکی کاریگەر و گرنگ کە ئەنجامی هەبێت لەلایەنە دەزگا پەیوەندیدارەکان و حکومەتیشەوە نەبینراوە.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەپێی ئامارە فەرمییەکانی “بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەتان”، ١٠ هەزار و ١٦٠ توندوتیژیی بەرامبەر ژنان تۆمار کراوە، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە ڕووداوەکانی توندوتیژیی لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، هەشت مانگی ساڵی ٢٠٢٣ تێپەڕیوە هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی توندوتیژییەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.
لە بەدواداچوونێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا بۆ دەستکەوتنی ئامارەکانی توندوتیژیی و کوشتنی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان، دەرکەوتووە لەو ناوچانەی پێشتر ڕێژەی توندوتیژیی تێیدا کەم بووە، هەڵەبجە بە نموونە، ئێستا ڕێژەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت و ٪١١ زیادی کردووە.
جۆری توندوتیژییەکان، بە پلەی یەک “هەڕەشکردن”، پاشان توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی (لێدان) دێن، سەروەر نەبوونی یاسا و سزا نەدانی تاوانباران کۆمەڵگەی بەرەو ئاژاوە و گێژاوێک ئاڕاستە کردووە، لەگەڵ ئەوانەشدا دیاردەی سوڵحی عەشایەریی و هەڵهاتن لە یاسا هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی تاوان و توندوتیژییەکانن بەرامبەر ژنان.
ژنان بە گشتیی و ژنانی پارێزگای هەڵەبجە بە تایبەتی، چاودێرییەکی تەندرووستیی و دەروونییان نییە، کە لە کاتی پێویستدا چارەسەریی لێوەربگرن و پەنای بۆ بەرن، ئەوەش وادەکات تێکچوونە دەروونییەکان بە کارەسات کۆتایی بێت.