ئایا عێراق دوو مووچە بۆ فەرمانبەرانى هەرێم دەنێرێت؟
  2023-09-01       699       

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، شاندی هەرێم داوای دوو مووچەی لە بەغدا كردووە و بەرپرسانی عێراقیش بەو داوایە رازی نەبوون، دەشڵێت، بەغداد دەیەوێت ١٠٠%ی داهاتی نانەوتی هەرێم ڕادەست بكرێت.

ئاوێنه‌: سروە محەمەد، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یه‌كێتی لە لێدوانێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاندووە، لە دوایین سەردانیاندا شاندی هەرێم داوای مووچەی مانگەكانی ٧ و ٨ی لە بەغدا كردووە، بەڵام بەغدا بەو داوایە ڕازیی نەبووە.

ئەو پەرلەمانتارەى عێراق باسى لەوەشکردووە، بەپێی زانیارییەكانمان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتووەتە سەر هێڵ و بەڵێنیداوە مووچەی مانگێگى فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

لە درێژەى قسەکانیدا سروە محەمەد ئەوەشى خستووەتە ڕوو، لە ئێستادا بەغداد دەیەوێت ١٠٠%ی داهاتی نانەوتی هەرێم ڕادەستی عێراق بكرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى گەشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانى عێراق گەشتنە بەغدا و ماوەى سێ ڕۆژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى پرسى مووچەى فەرمانبەران کۆبوونەوە و پاشان گەڕانەوە هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×